رۆناڵدۆ ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی شکاند

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2025-10-15-16:43:00 - کۆدی بابەت: 13545
رۆناڵدۆ ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی شکاند
هەواڵە وەرزشیەکانی تۆپی پێ

وەرزش

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی تۆمارکرد و بەفەرمی بووە گۆڵکەری مێژوویی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیال.

ئەفسانە پۆرتوگالییەکە، لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر هەنگاریا، لە گەڕی ئەمجارەی پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ گەیشتن بەمۆندیال، دوو گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام یارییەکە بەیەکسانبوونی هەردوو هەڵبژاردە 2 - 2 گۆڵ کۆتایی هات.

دوو گۆڵەکەی کریستیانۆ لە خولەکەکانی 22 و 45+3 تۆمارکران و بەوەش رۆناڵدۆ کۆی گۆڵەکانی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا گەیاندە 948 گۆڵ.

دوو گۆڵەکەی رۆناڵدۆ، ئەوی کردە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی زۆرترین گۆڵ لە مێژووی پاڵاوتنەکانی مۆندیال. رۆناڵدۆ کۆی گۆڵەکانی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا گەیاندە 41 گۆڵ و پێش  ئەستێرەی گواتیمالایی کارلۆس رویز کەوتەوە کە خاوەنی 39 گۆڵە لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیال.

رۆناڵدۆ ئەگەرچی لە یارییەکەدا پێشەوایەتیی پۆرتوگالی کرد بۆ نەدۆڕان لە یارییەکی دیکەی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، بەڵام نەیتوانی لەم گەڕەدا، راستەوخۆ هەڵبژاردەکەی بگەیەنێتە مۆندیال.

گۆڵی یەکەمی رۆناڵدۆ بەرامبەر هەنگاریا، گۆڵی ژمارە 40ی ئەو یاریزانە بوو لە پاڵاوتنەکان و بەتۆمارکردنی گۆڵی دووەم، رۆناڵدۆ بووە تاکە یاریزان خاوەنی 41 گۆڵ بێت لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال.

سەرنەکەوتنی راستەوخۆی پۆرتوگال بۆ مۆندیال، نیگەرانیی لای کریستیانۆ دروستکرد و بەیانیی ئەمڕۆ کریس لە پەیامێکدا بۆ هاندەرانی نووسی، "نهێنی نییە کە نوێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال واتایەکی زۆری بۆ من هەیە، هەربۆیە شانازی بەگەیشتن بەم وێستگە مێژووییەوە دەکەم".

رۆناڵدۆ هەروەها دەڵێ، "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە یارمەتییان دام بۆ گەیشتن بەئێرە. لە مانگی 11دا یەکدی دەبینینەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی سەرکەوتن بۆ مۆندیال".



0 بینین