عێراق لە نێوان شەڕ و خەونی مۆندیال؛ ئاستەنگەکانی گەشتی مەکسیک
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە بووەتەوە بۆ گواستنەوەی شاندی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ مەکسیک، تاوەکو بەشداری لە یاریی پاشکۆی جیهانی مۆندیالی ٢٠٢٦ بکەن. گرژی و بارگرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە و داخستنی گەشتە ئاسمانییەکان، پلانەکانی عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتییەکەی تێکداوە کە دەیەوێت دوای ٤٠ ساڵ چاوەڕوانی، عێراق بۆ دووەمجار بگەیەنێتە مۆندیال.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان گیری خواردنی گراهام ئارنۆڵد، ڕاهێنەری هەڵبژاردەکەیە لە شاری دوبەی، کە بەهۆی دەستپێکردنی شەڕەوە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بەغدا. یەکێتییەکە خەریکی دۆزینەوەی ڕێگەیەکی وشکانییە بۆ گەڕاندنەوەی ڕاهێنەرەکەیان. هەروەها بڕیارە یارییە چارەنووسسازەکەی عێراق لە ٣١ی ئەم مانگە لە شاری مۆنتێرۆی مەکسیک بەرامبەر براوەی یاریی بۆلیڤیا و سۆرینام بەڕێوەبچێت.
ڕاستییەکانی وەرگرتنی ڤیزا و هەڵوەشاندنەوەی کەمپی ئەمریکا
دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە پاسپۆرتی ئەندامانی یەکێتییەکە دراوەتە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، غالب زاملی، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هیچ پاسپۆرتێک ڕادەستی باڵیۆزخانەی ئەمریکا نەکراوە. زاملی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی بارودۆخەکەوە کەمپی مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەکە لە شاری هیوستن هەڵوەشاوەتەوە.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە تورکیا و سعوودیە
بەهۆی نەبوونی باڵیۆزخانەی مەکسیک لە بەغدا، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ناچارە داواکاریی ڤیزا بۆ یاریزانان و ستافی تەکنیکی لە ڕێگەی تورکیا یان وڵاتێکی تری دراوسێوە پێشکەش بکات. لە ئێستادا نوێنەرێکی یەکێتییەکە نێردراوەتە مەکسیک بۆ ئامادەکردنی شوێنی حەوانەوە و یاریگەکان. پێشبینی دەکرێت گەشتەکە کاتێکی زۆر بخایەنێت، چونکە بەهۆی داخستنی ئاسمانی ناوچەکە، پێویستە شاندەکە لە ڕێگەی تورکیا یان سعوودیەوە بەرەو ئەمریکای لاتین بڕۆن.