لالیگا شۆڕشێکی تەکنەلۆژی ڕادەگەیەنێت؛ سیستمی ئۆتۆماتیکیی ئۆفساید کارا دەکرێت

له‌لایه‌ن: - پلاتفۆرمی وەرزش پلاتفۆرمی وەرزش - به‌روار: 2026-03-11
لالیگا شۆڕشێکی تەکنەلۆژی ڕادەگەیەنێت؛ سیستمی ئۆتۆماتیکیی ئۆفساید کارا دەکرێت
ئیسپانیا

لالیگا شۆڕشێکی تەکنەلۆژی ڕادەگەیەنێت؛ سیستمی ئۆتۆماتیکیی ئۆفساید کارا دەکرێت

خولی پلە یەکی ئیسپانیا (لالیگا) خۆی بۆ گۆڕانکارییەکی مێژوویی ئامادە دەکات و بڕیارە لە وەرزی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ بۆ یەکەمجار سیستمی ئۆتۆماتیکیی ئۆفساید پەیڕەو بکات. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی کەمکردنەوەی هەڵەکانی ناوبژیوان و خێراکردنی بڕیارەکانە لە کاتی یارییەکاندا، بەبێ ئەوەی پێویست بە کێشانی هێڵی دەستی لە ژووری ڤاڕ هەبێت.

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا، ئاشکرای کرد کە بۆ وەرزی داهاتوو تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو بەکاردەهێنن کە تێیدا چیپێکی زیرەک لە ناو جەرگەی تۆپەکەدا جێگیر دەکرێت. ئەم چیپە کە لەلایەن "فیفا"وە پەسندکراوە، زانیارییەکان بە وردی دەگوازێتەوە بۆ ناوبژیوانان و لە ساتە وەختێکی کەمدا دیاری دەکات ئایا یاریزان لە دۆخی ئۆفسایدایە یان نا، ئەمەش کێشەی وەستانی درێژخایەنی یارییەکان چارەسەر دەکات.

چیپی ناو تۆپ و گۆڕانکاری لە مووچەی ناوبژیوانان

تێباس جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە پێویستی بە دانانی کامێرای تایبەت و پێشکەوتوو لە سەرجەم یاریگەکاندا هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە، بەرپرسانی وەرزشیی ئیسپانیا بڕیاریان داوە چاکسازی لە ژیانی پیشەیی ناوبژیوانانیشدا بکەن، لە ڕێگەی زیادکردنی مووچەکانیان و دابینکردنی پارێزگاریی یاسایی زیاتر بۆیان لە بەرامبەر ئەو گوشارانەی دەکەوێتە سەریان.

بانگەوازێک بۆ یانە گەورەکان بۆ پاراستنی شکۆی ناوبژیوانان

لە بەشێکی دیکەی پلانەکەیدا، لالیگا داوای لە یانە زەبەلاحەکانی وەک ڕیال مەدرید، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە ببنە پێشەنگ لە پاراستنی شکۆی ناوبژیوانان. بەرپرسانی خولەکە داوا دەکەن کۆتایی بەو گرژی و لێدوانە توندانە بهێنرێت کە لە ڕێگەی کەناڵەکانی یانەکان و گرتە ڤیدیۆییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، چونکە ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی خولە پلە نزمەکانیش دروست کردووە.