مانچێستەر یونایتد خەریکە ئامانجی سەرەکی ریال مەدرید دەگوازێتەوە

له‌لایه‌ن: - پلاتفۆرمی وەرزش پلاتفۆرمی وەرزش - به‌روار: 2024-07-09-17:02:00 - کۆدی بابەت: 12950
مانچێستەر یونایتد خەریکە ئامانجی سەرەکی ریال مەدرید دەگوازێتەوە

ناوه‌ڕۆك

وێنە گەورەکە

مانچێستەر یونایتد بە جدی چووەتە نێو کێبڕکێی بەدەستهێنانی واژۆی لێنی یۆرۆ، بەرگریکاری فەرەنسی.

یۆرۆی تەمەن 18 ساڵ، پاڵێوراوی سەرەکییە، تاوەکو ببێتە بەشێک لە چارەسەرییەکانی هێڵی بەرگری ریال مەدرید، تایبەت دوای ماڵئاوایی ناچۆ فێرناندێز لە یانە شاهانەکە.

هەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوودا، تۆڕی کادێنا سێر رایگەیاندبوو، ریال مەدرید گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یاریزانەکە و خەریکی تەواوکردنی لایەنی داراییە لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە.

بەڵام وادیارە هاوکێشەکە تەواو پێچەوانە بووەتەوە، پێگەی فرانس فووتبۆڵ بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد ئۆفەرێکی فەرمی بەبڕی 50 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی یاریزانەکە کردووە و لیل بە ئۆفەرەکە رازیبووە.

فرانس فووتبۆڵ روونیکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد جیا لە 50 ملیۆن یۆرۆییەکە، ئامادەیە پاداشتیش بە یانە و یاریزانەکە بدات، بەمجۆرە مان یونایتد چەند هەنگاوێک پێش ریال مەدرید کەوت.

هەرچەندە مان یونایتد سوورە لەسەر گواستنەوەی یۆرۆ، بەڵام یاریزانەکە هەر خەون بە ریال مەدرید دەبینێت.

گرێبەستی یۆرۆ لە هاوینی ساڵی داهاتوو لەگەڵ لیل بەسەر دەچێت، بۆیە یانە فەرەنسییەکە دەیەوێت ئێستا کەیسی گواستنەوەی یەکلاییبکاتەوە، تاوەکو ناچار نەبێت بە خۆڕایی دەستبەرداری ببێت.

مانچێستەر یۆرۆ دەکاتە ئاڵتەرنەتیڤی برەینسوەیت

مانچێستەر یونایتد دووەم ئۆفەری فەرمی بۆ گواستنەوەی جاراد برەینسوەیت پێشکەشی ئێڤەرتن کردووە، بەڵام یانەکەی مێرسیساید ئامادەنییە بە ئاسانی دەستبەرداری بەرگریکارەکەی ببێت.

رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویکردووەتەوە، مان یونایتد ئۆفەرێکی دیکەی بەبڕی 50 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی برەینسوەیت پێشکەشی ئێڤەرتن کردووە، بەڵام پێناچێت قبووڵ بکرێت.

گرێەستی برەینسوەیت لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت و 9 مانگ بەر لە ئێستا گرێبەستەکەی نوێکردەوە.



142 بینین